هەڵوێستەکەی پووتین کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکەی و ئەمریکای هەڵوەشاندەوە
پەیامی کورد... هەڵوێستەکەی پووتین کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکەی و ئەمریکای هەڵوەشاندەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە بچێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینای وەکوو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.
(ئەنتۆنی بلینکن) نامەیەکی بۆ (سێرگەی لاڤرۆڤ) ناردووە و تێیدا پێی وتووە: چیتر لەگەڵیدا کۆ نابێتەوە، بلینکن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا (دمیترۆ کولیبادا) لە واشنتن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی بە ڕۆژنامەنووسان وت.
بلینکن وتی: ئەگەر ڕووسیا دوژمنکاری زیاتر بەرامبەر ئۆکراینا ئەنجام بدات، ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە زیادکردنی سزاکان بۆ سەر ئەو وڵاتە.
بلینکن وتیشی: ڕازی بووە لەگەڵ لاڤرۆڤدا کۆ ببێتەوە تەنیا لە کاتێکدا ئەگەر ڕووسیا ئۆکراینا داگیر نەکات.
وتی: ئێستا کە داگیرکردنەکە دەستی پێکردووە و ڕووسیا ڕوونی کردەوە کە دیپلۆماسییەت ڕەت دەکاتەوە، هیچ مانای تێدا نییە لەم کاتەدا بەردەوام ببین لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە.
بلینکن وتی: ئەگەر ئاراستەکەی مۆسکۆ بگۆڕێت ئەوا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ دوورخستنەوەی خراپترین سیناریۆ.
بلینکن وتی: بەڵام ڕێگە نادەین بە ڕووسیا بانگەشەی دیپلۆماسی بکات و لە هەمان کاتیشدا جووڵەکانی بەرەو ململانێ و جەنگ خێراتر بکات
بلینکن وتیشی: وتارەکەی پۆتین و ڕاگەیاندنی جووڵەکانی ڕووسیا زۆر بێزارکەر بوون و دەریخست کە پۆتین ئۆکراینا بە پاشکۆی ڕووسیا دەزانێت.