هەر تاكێكی عیراقی زۆرترین بڕی پاشماوەی هەیە لە جیهاندا
پەیامی کورد... هەر تاكێكی عیراقی زۆرترین بڕی پاشماوەی هەیە لە جیهاندا
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی ژینگەی عیراق، هەر تاكێكی عیراقی رۆژانە 750 گرام بۆ یەك كیلۆگرام و 250 گرام پاشماوەی هەیە و ئەوەش بەرزترین رێژەیە لە جیهاندا.
جاسم فەلاحی وەكیل وەزیری وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاندووە، كەرتی پاشەڕۆ كەرتێكی زۆر گرنگ و زیندووە، لە رێگەیەوە دەتوانین ئامانجەكانی گەشەپێدانێكی بەردەوام بەدیبهێنین.
وتوشیەتی، عیراق ساڵانە نزیكەی 40 ملیۆن تۆن پاشماوەی رەقی هەیە، هەر تاكێكی عیراقی رۆژانە 750 گرام بۆ یەك كیلۆگرام و 250 گرام پاشماوەی هەیە كە ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەناو دەوڵەتانی جیهاندا، ئەوەش بەهۆی دیاردەی بەهەدەردان لەناو كۆمەڵگەدا.
فەلاحی ئەوەشی خستەڕوو، عێراق بەرهەمهێنەرێكی گەورەی پاشماوەیە كە ئێستا بەهایەكی زۆری هەیە، ئەگەر تەركیز بخرێتە سەر ئیدارەدانێكی ئاقڵانەی ئەو پاشماوەیە، ئەوەش پێی دەوترێت ئابورییەكی بازنەیی كە پاشماوە كۆدەكرێتەوە و ریسایكڵین دەكرێتەوە و دەگۆڕدرێت بۆ وزە، ئەو كەرتەش دەتوانێت 100 هەزار هەلی كار دابین بكات.