Cîhan
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە کەسێکیش بریندارە
لە سنووری شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی ئێران، تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ( ١٣ ژوئەن ٢٠١٨) هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوری چۆمانی بانە تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە تووندی بریندار کراوە.
هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری بانە ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە بریندارەی “خالید سماقانی” تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی چۆمانی بانە ڕایگەیاند.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لە سەرەتایی بەهارەوە تا ئێستا کۆڵبەرێکی کورد لە سنورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراوە و ٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.