TR KU SO
FB X
Cîhan

واشنتن پۆست: ئەمريکا شوێنی سەرکردەکانی حەماس بە ئيسرائيل دەڵێت

Arsalan
Editor
📅 12 Mayıs 2024 13:10

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکيدا بڵاويکردووەتەوە، واشنتن پێشنیازی بۆ ئیسرائیل کردووە زانیاریی هەستیاری هەواڵگری پێشکەشبکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە دۆزینەوەی شوێنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە بەرامبەر پاشەکشەکردن لە هێرشکردنەسەر رەفەح.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، بەرپرسانی ئەمەریکی پێشنیازی ئەوەشيان کردووە، ئيسرائيل هاوکاربێت لە دابینکردنی هەزاران شوێنی حەوانەوە و کەمپی مانەوە بۆ ئەو فەڵەستینیانەی لە رەفەح هەڵاتوون، تاوکو بتوانن شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان بەدەستبهێنن.

یاریدەدەرانی بایدن بۆ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان جەختيان لەوە کردووەتەوە، ناتوانرێت فەڵەستینییەکان بگوازرێنەوە بۆ ناوچە بۆردوومانکراوەکانی غەززە، بەڵکو دەبێت ئیسرائیل ژێرخانی سەرەتایی دابینبکات بۆ ئەوەی ئەوانەی ئاوارەبوون هاوکارييان پێبگات.

واشنتن پۆست دەشڵێت، ئەم پێشنيازەی ئەمریکییەکان لەکاتی دانوستانەکاندا خراونەتەڕوو کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە قەبارە و پانتایی ئۆپراسیۆنی رەفەح ئەنجامدراوە.

رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بەردەوامبێت لە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە رەفەح، ئەوەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس رايگەياند، پێشنیازەکەی میسر و قەتەری بۆ ئاگربەست قبووڵکردووە.

ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە مەبەستی دروستکردنی فشاری سەربازی بۆ سەر حەماس و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئازادکردنی بارمتەکانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانی دیکەی شەڕەکە ئۆپراسيۆنەکانی رەفەح بەردەوام دەبێت.

Paylas: