بایدن: چین ناپاكیمان لەگەڵ دەكات و رووبەڕووی دەبینەوە
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە واشنتن رایگەیاند، لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە بازرگانی، چین رکابەریی ئەمریکا ناکات بەڵکو ناپاکی بەرامبەر دەکات، لەبەرئەوە بەهەموو توانایەکیان رووبەڕووی دەبنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا روونیشیکردەوە، چینییەکان لەناوخۆی وڵاتەکەیان داوای خاوەندارێتی زیاتر 51%ـی پشکداریی پرۆژە بازرگانییەکان دەکەن، بەڵام لە ئەمریکا بەهەمان سیاسەت رازینابن، ئەوەش ناپاکییە.
لەبارەی هەنگاوەکانی ئەمریکا دژی چین، بایدن رایگەیاند، لە رێگەی زیادکردنی گومرگ لەسەر کاڵا چینییەکان، بەتایبەتی ئامێرە کارەباییەکان، هەوڵدەدەن بەر بەو سیاسەتانەی پەکین بگرن و بۆ ئەوەش هەنگاوی پێویست دەنێن.
جەختیشیکردەوە، رێگەنادەن چین بازاڕەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵ بکات و لەبەرامبەردا رێگە بە وەبەرهێنەرانی ئۆتۆمبێل نەدەن لەناو وڵاتەکەیان، رکابەرییەکی دادوەرانە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەمریکا باجی گومرگی لەسەر کاڵاکانی چین، بەتایبەتی ئامێرە کارەباییەکان زیادکرد و هەنگاوەکەش لەناوخۆی ئەمریکا کاردانەوەی زۆری بەدواداهات.