محەمەد باقر قاڵیباف بە سەرۆکى پەرلەمانى ئێران هەڵبژێردرایەوە
محەمەد باقر قاڵیباف جارێکى دیکە بە سەرۆکى پەرلەمانى ئێران هەڵبژێردرایەوە و بوە سەرۆکى خولى 12ـهەمى پەرلەمانى ئەو وڵاتە.
لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى ئێران، لە کۆى 290 دەنگى پەرلەمانیی قاڵیباف 198 دەنگى بە بەڵێ بەدەستهێنا و هەریەکە لە عەلى نیکزاد و حەمید رەزا حاجى بابایی-ش بە جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژێردران.
رکابەرانى قاڵیباف موجتەبا زولنورى و مەنوچەر موتەکى بون و زولنورى 60 دەنگ و موتەکى 5 دەنگى بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنەکەیشدا 24 دەنگ سپى بون.
دوێنێ خولى 12ـهەمینى پەرلەمانى ئێران دەستیپێکرد، لە کۆبونەوەکەدا نوێنەرانى هەڵبژێردراو و بەرپرسانى سیاسى و سەربازیی ئامادەى بون، ئەمە جگە لەوەى لە رێوڕەسمى کردنەوەى خولەکەدا سەرۆک کۆمار کاتیی و سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى و بەشێک لە بەرپرسانى دیکەى وڵاتەکە بەشدار بون.
لە 1ـى ئازارى ئەمساڵ، 12ـهەمین خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئێران و شەشەمین خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى شارەزایان لەو وڵاتە بەڕێوەچو، بۆ 290 کورسیی پەرلەمانى هەزار و 200 کاندید کێبڕکێیان کرد و بۆ 88 کورسی ئەنجومەنى شارەزایانیش 184 کەس کاندید بون.