TR KU SO
FB X
Cîhan

عێراق لەگەڵ پیسبوون و پاشماوەی شەڕدا دەجەنگێت

Arsalan
Editor
📅 05 Haziran 2024 13:37

 

لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە عێراق بە دەست قەیرانە یەک لە دوای یەکە ژینگەییەکانەوە دەناڵێنێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 5ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانی ژینگە دیاری کردووە بە مەبەستی تیشک خستنە سەر پرسی سەرەکی پاراستنی تەندروستی و ژینگە، کە کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک و گەشەسەندنی ئابووری لە هەموو بەشەکانی جیهان هەیە.

لە عێراق ململانێ یەک لە دوای یەکەکان لەوانە بەرهەمهێنانی نەوت و سەرچاوە پیشەسازییەکان خاڵی گەرمی پیسبوونی ژینگەی دروستکردووە.

تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 بڕێکی زۆر پاشماوەی سەربازی و ماددە کیمیاییە ژەهراویەکانی بەجێهێشتووە کە مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دروست دەکەن.

بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2018دا مەزەندەی کردووە کە 47٪ی دارستانە سروشتییەکانی وڵاتەکە لەناوچوون و 2.4 ملیۆن هێکتار زەوی بەهۆی مینەوە بەکارنەهێنراوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 76 شوێنی گەرمی پیسبوون هەیە، لەو ژمارەیەش 51 شوێنی پیسبوون بە نەوت و 23 شوێنیان بە ماددەی کیمیایی مەترسیدار، ئەمەش کاریگەری لەسەر یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی هەیە و زیانی ساڵانە بە نزیکەی یەک ملیار و500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

تا ئەمڕۆش هاووڵاتییانی عێراق بەدەست ئەو پاشماوە ژینگەییانەوە دەناڵێنن، بۆ پاراستنی ئایندەی عێراق و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی نەوەکانی داهاتوو، پێویستە سیاسەت و پراکتیک بگیرێتەبەر بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پیسبوون.

ئاڵەنگاریی ژینگەیی کە لە ئەنجامی ململانێ و پیسبوونەوە سەرهەڵدەدەن، پێویستیان بە هاوکاری نێوان تاکەکان، کۆمەڵگاکان و حکومەت هەیە بۆ بەدەستهێنانی بەردەوامیی ژینگەیی.

وەبەرهێنان لە نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پیشەسازییە پیسکەرەکان دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستی دانیشتووان و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام، پاراستنی ژینگەی ئەمڕۆ وەبەرهێنانێکە لە داهاتوویەکی تەندروستتر و سەلامەتتر و خۆشگوزەرانتر بۆ عێراق.

Paylas: