TR KU SO
FB X
Cîhan

سوپای ئیسرائیل: چوار بارمتەمان بە زیندوویی لەلای حەماس رزگار کرد

Arsalan
Editor
📅 08 Haziran 2024 21:51

سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیدا، چوار بارمتەی لەلای بزووتنەوەی حەماس بە زیندوویی رزگارکرد.

ئەمڕۆ شەممە 8ـی حوزەیرانی 2024، ماڵپەری تایمز ئۆف ئیسرائیل ئاشکرایکرد، چوار بارمتە کە پێکهاتوون لە سێ پیاو و ژنێك، لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەزیندووی رزگارکراون، کە لە 7ـی تشرینی یەکەمى 2023، لەلایەن بزووتنەوەی حەماس بەبارمتەگیراون.

بەگوێرەی هەواڵەکە، سوپای ئیسرائیل لە دوو ناوچەی جیاواز لە ناوچەی نوسەیرات لە ناوەندی غەززە ئۆپراسیۆنی ئەنجامداوە و توانیویەتى ئەو بارمتانە رزگار بکات.

لە راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیلش هاتووە، بەگوێرەی پشكنینە سەرەتاییەکان دۆخی تەندروستی سەرجەم بارمتەکان باشە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، تاوەکو پشکنینی زیاتریان بۆ بکرێت.

هەر لە میانەی ئەو ئۆپراسیۆنە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی غەززە ئەنجامدراوە و بەگوێرەی وەزارەتی تەندرووتی غەززەش، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کوژراون.

پێشتر حکومەتی ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، 62 بارمتە کوژراون و لە 3ـی حوزەیرانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایكرد، 124 بارمتە هێشتا لەلای بزووتنەوەکە ماون، لەو ژمارەیە 120یان لە هێرشەکانی 7ـی تشرینى یەکەم بەبارمتەگیراون.

Paylas: