یەك لەسەر ١٢ی بودجە خەرج دەكرێت و مووچە بەردەوام دەبێت
پەیامی کورد ... ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی نەتواندرا بوودجە پەسەند بكرێت، دەست بە خەرجكردنی یەك لەسەر ١٢ی بوودجە دەكرێت و، ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستانیش وەكو ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبێت تاوەكو بوودجەی نوێ پەسەند دەكرێت.
جەمال كۆچەر، ئەندام لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ، بوودجە دوو بەشە، بەشێكی تایبەتە بە مووچە و خەرجی رۆژانە و بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بە پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە هەیە، بۆیە بە هۆی پەسەندنەكردنی بوودجەی ئەمساڵ، تەنها مووچەی فەرمانبەران و خەرجی رۆژانە خەرج دەكرێت و ئەوەی پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەیە، ئەو پارەیە بۆ سندووقی دەوڵەت دەگەڕێتەوە تا بوودجە پەسەند دەكرێت، بۆیە تا بوودجە پەسەند دەكرێت، یەك لەسەر ١٢ خەرج دەكرێت.
كۆچەر گوتیشی، مووچەی هەرێمی كوردستان چۆن ساڵی ڕابردوو هاتووە، بەو شێوەیە ئەمساڵیش تاوەكو پڕۆژەیاسای بودجەی نوێ پەسەند دەكرێت، بەردەوام دەبێت و مانگانە ٤٥٤ ملیاردینار دێت، ئەمەش لە چوار چێوەی ئەو بوودجەیە خەرج دەكرێت، كە یەك لەسەر ١٢ی بوودجەی عێراقە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، چوار حاڵەت هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجە یەكلا بكرێتەوە، ئەوانیش عادل عەبدۆلمەهدی بمێنێتەوە تا هەڵبژاردن دەكرێت و بوودجە رەوانە ناكرێت تا ئەوكات، حاڵەتی دووەمیش ئەگەر سەرۆكوەزیران نەما، سەرۆكوەزیرانی نوێ بێت ئەویش ببێتە حكوومەتی كاربەڕێكەر و بوودجە رەوانە نەكرێت و یەك لەسەر ١٢خەرج بكرێت، یاخود حكوومەت یاخود بوودجەیەكی نوێ دابنێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، یاخود حكوومەتی نوێ هەمان ئەو بوودجەیەی ئێستا ئامادە كراوە، هەر ئەوە رەوانە بكەن، بەڵام ئەگەری دوو حاڵەت زۆر بەهێزە، ئەوانیش بریتین لەوەی یان یەك لەسەر ١٢خەرج بكرێت، یاخود بوودجەی ئێستا رەوانە بكرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی كورددایە.