كارتى فشارى به‌هێزمان هه‌یه بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن لەگەڵ تورکیا
پەیامی کورد ... كارتى فشارى به‌هێزمان هه‌یه بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن لەگەڵ تورکیا
مەهدى ره‌شید ، وه‌زیرى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى عیراق ده‌ڵێت "به‌م نزیكانه له‌گه‌ل لایه‌نى توركى كۆده‌بینه‌وه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیەی ئاو و كارتى فشارى به‌هێزمان هه‌یه بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن".
توركیا له رێی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی زه‌به‌لاحه‌وه له‌سه‌ر ڕووباره‌كانی ناو ووڵاته‌كه‌ی، كێشه‌ی ئاو بۆ عیراق درووستده‌كات، له‌وباره‌یه‌شه‌وه مه‌هدى ره‌شید ووتوویه‌تی "وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌كانى ئاو به‌رده‌وامه له رێوشوێنه‌كانى تایبه‌ت به یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیەی ئاو و له‌گه‌ڵ لایه‌نى توركى كۆده‌بینه‌وه بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه، متمانه‌ى ته‌واویان هه‌یه بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامێكى ئیجابى ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه چوه‌ته ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیران و ته‌نها له‌ده‌ست وه‌زاره‌ته‌كه‌دا نییه، هه‌روه‌ك چۆن توركیا و سووریا بابه‌ته‌كه‌یان داوه‌ته ده‌ست سه‌رۆك كۆماره‌كانیان و ئێرانیش داویه‌ته ده‌ست رێبه‌رى باڵاى ئه‌و ووڵاته و به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه گرینگی‌دان به‌و بابه‌ته نموونه‌ییه.
وه‌زیرى سه‌رچاوه‌كانى ئاو ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه، كارتى فشارى به‌هێزیان هه‌یه بۆ گه‌یشتنه رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا سه‌باره‌ت به پشكى ئاو، به‌ڵام له‌ئێستادا ئاشكراى ناكه‌ن، چوونكه دڵنیان گفتوگۆكان ئه‌نجامێكى ئیجابییان ده‌داتێ.