TR KU SO
FB X
Cîhan

خەڵکی شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی جەژندا سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان کرد

Navas Jan
Admin
📅 22 Nisan 2023 17:14

پەیامی کورد... خەڵکی شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی جەژندا سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان کرد


خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی جەژندا، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان کرد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٣ کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی ڕەمەزان، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی گۆڕستانەکانی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی شارەکانی سنە، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، بانە و پیرانشار لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆریان وتەوە.

لە شارەکانی بۆکان، بانە، پیرانشار و مەریوان، بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی بوێر و چاونەترسی ئەو شارانە لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان کۆ بوونەوە و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، شەهید نامرێت و هەروەها بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە لەسەر گڵکۆی شەهیدان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

هەروەها خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی شاری سنە، بە دروستکردنی وێنەی شەهیدان و لێدانی وێنەکان لەسەر سینگیان، لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا کۆ بوونەوە و لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی کوردستان پەیمانیان نوێ کردەوە.

لەلایەکی ترەوە لە شاری مەهاباد، وێڕای ئەوەی کە خەڵک لەسەر گڵکۆی شەهیدان کۆ بوونەوە و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان وتەوە، لاوانی نیشتمانپەروەر ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد و لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و ڕزگاریی کوردستان پێداگرییان کردەوە.

 

Paylas: