لە قۆناغی یەكەمی دانووستانەكانی نووسینەوەی دەستوور ، مافەکانی کورد گرینگییەکی باشی پێدراوە
پەیامی کورد ... لە قۆناغی یەكەمی دانووستانەكانی نووسینەوەی دەستوور ، مافەکانی کورد گرینگییەکی باشی پێدراوە
ئەندامێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە رایگەیاند، لە قۆناغی یەكەمی دانووستانەكانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا، تەنھا باسی پرەنسیپەكان كراوە و گرینگی تایبەتیش بە مافەكانی كورد دراوە.
ئیبراھیم برۆ، یەکێک لە ئەندامانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە رایگەیاند : "لە قۆناغی یەكەمی دانووستانەكانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا، كە لە جنێف بەڕێوە چوو، تەنھا باسی پرەنسیپەكان كراوە كە دەستووری نوێی سووریای لەسەر دەنووسرێتەوە، وەكو یەكگرتوویی خاكی سووریا و دەستوەرنەدان لە خاكی ئەو ووڵاتە و پێدانی مافی ھەموو نەتەوەكان و رێزگرتن لە ھەموو گەلی سووریا، بەڵام ئەوەی گرینگ بوو، بایەخی تایبەت بە مافی كورد درابوو و زۆریش جەختی لەسەر كرابووەوە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر جێی بایەخ بوو".
برۆ ووتیشی: "بڕیارە ھەر لەمساڵدا سێ كۆبوونەوەی دیكەی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری سووریا ئەنجام بدرێن، ئێمەش جەخت لە بەدەستھێنانی مافەكانی كورد لە سووریا دەكەینەوە".