پەلامارێكی چەكداری بۆ سەر زانكۆیەكی ڕووسیا هەشت كوژراوی لێكەوتەوە
پەیامی کورد … پەلامارێكی چەكداری بۆ سەر زانكۆیەكی ڕووسیا هەشت كوژراوی لێكەوتەوە
كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاند، كە یەكێك لە خوێندكارەكانی زانكۆی پێرم، بە چەك هێرشی كردووەتە سەر زانكۆكەی و بەپێی ئامارە بەراییەكان لانیكەم، هەشت كەس كوژراون.
زانكۆی پێرم لە بارەی رووداوەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو كە كەسێك لەناو بینای زانكۆكەدا، دەستڕێژی گوللەی كردووە.
هەروەها كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوەی رووسیا دەربارەی قوربانییانی پەلامارەكە زانیاری ئەوەی بڵاوكردەوە كە لانیكەم هەشت كەس كوژراون و 20 كەسیش برینداربوون باس لەوەش كراوە كە پەلاماردەرەكە خوێندكاری هەمان زانكۆ بووە.
بەشێك لە راگەیاندنەكانی روسیا بڵاویانكردۆتەوە، پەلاماردەرەكەی شاری پێرم پێشوەختە لە رێگەی هەژمارەكانی خۆیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باسی لەوەكردووە، بە تەنها ئەو هێرشە ئەنجام دەدات و هیچ پاڵنەرێكی سیاسی و ئایینیش لە پشت هێرشەكەیەوە نییە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەربارەی هێرشەكە ئەوەی خستووەتەڕوو كە ماوەیەكی كەم دوای رووداوەكە، هێزە ئەمنییەكان پەلاماردەرەكەیان كوشتووە.
هەر لەمساڵدا لە شاری كازان خوێندكارێكی تەمەن 19 ساڵ دەستڕێژی گولەی لە قوتابخانەی پێشووی خۆی كردبوو، بە هۆیەوە نۆ كەس كوژرابوون.