لە ڕوسیا بە درۆن هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی سوتەمەنی
پەیامی کورد... لە ڕوسیا بە درۆن هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی سوتەمەنی
لەناو خاکی ڕوسیا بە درۆن هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی سوتەمەنی و بووەتە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەکەدا.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ دوو شەممە ڤیاچسلاڤ گلادۆڤ، فەرمانداری هەرێمی بیلگۆرۆدی ڕوسیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: "بە درۆن هێرشکراوەتە سەر وێستگەیەکی سوتەمەنی لە هەرێمی بیلگۆرۆد و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە".
ناوبراو وتویەتیشی: "هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو بووە، کە بووەتە هۆی تەقینەوە و دروستبوونی ئاگر لە وێستگەیەکی سوتەمەنی".
ئەوەشی وتوە: بە درێژایی شەوی ڕابردو بۆردومان لەسەر هەردوو ناوچەی شیبینکۆ و ڤۆلۆکۆنۆڤسکی لە هەرێمی بیلگۆرۆد بەردەوام بووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
بەرپرسانی هەرێمەکە لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردودا داوایان لە بەشێک لە دانیشتوانی بیلگۆرۆد کرد، لەپێناو پارێزراویی خۆیان ناوچەکانیان بەجێبهێڵن.