لوتکەی جیهانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت
پەیامی کورد … لوتکەی جیهانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لوتکەی جیهانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەخۆدەگرێت و بڕیارە کۆنگرەکە لەم مانگەدا بەڕێوەبجێت.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی سەرۆکی وڵاتانی جیهان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، سەرمایەدارە جیهانییەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکانی کردووە بۆ بەشداریکردن و یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
پێشتر میدیاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، لە نزیکترین کاتدا جۆ بایدن لوتکەی جیهانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت، لەئێستادا کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا دانراوە و بڕیارە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەبچێت.
ڕۆژنامەی پۆلێکتیکۆ لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرایکردووە، کۆنفرانسەکە تیشکدەخاتەسەر وەڵامدانەوەی وڵاتان بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەروەها هەوڵە جیهانییەکان بۆ کوتان دژی ڤایرۆسەکە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ زۆریی ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، تائێستا 41 ملیۆن توشبوو و 671 هەزار گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسەکە تۆمارکردووە.