لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
پەیامی کورد … لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق كۆتاییهات و لەوبارەوە ڕاگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە كە تێدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە دەبێت هەوڵەكان بۆ سەقامگیری ناوچەكە چڕ بكرێتەوەو حكومەت هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێك كە نوێنەرایەتی ویستی خەڵكی عێراق بكات.
دوێنێ بە ئامادەبوونی سەرۆك و نوێنەرانی هەریەك لە وڵاتانی سعودییە، كوێت، توركیا، ئێران، ئەردەن، فەرەنسا، میسر، قەتەرو فەڵەستین، كۆنگرەی (لوتكەی وڵاتانی دراوسێ) ی عێراق، لە شاری بەغدا دەستیپێكردو بە كۆتاییهات، لەوبارەوە ڕاگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە كە لەلایەن (فوئاد حوسێن) وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: پێویستە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ سەقامگیری ناوچەكە چڕبكرێنەوە، هاوكات، دەستپێشخەری عێراق بۆ گەیشتن بە زەمینەیەكی هاوبەش لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەڵەتی بەرز نرخێندرا.
جەختیش لەوە كراوەتەوە كە سازكردنی لوتكەكە لە بەغدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی عێراق پشت بە سیاسەتێكی هاوسەنگ و هاوكاری ئەرێنی دەبەستێت لە پەیوەندییە دەرەكییەكانیدا.
هەروەها ئامادەبووانی لوتكە، سووربوون لەسەر ئەوەی پێویستە حكومەتی عێراق بە ئامانجی بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێك كە نوێنەرایەتی ویستی گەلی عێراق بكات هەوڵی زیاتر بدات.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا، ئاماژەش بەوەكراوە، كە ناوچەكە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری هاوبەش دەبێتەوەو هاتووە: پێویستە لەسەر بنەمای ئاسایشی هاوبەش و بەرژەوەندی ئاڵوگۆڕپێكراو مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانە بكرێت.
هەروەها لەسەر، ئاوەدانكردنەوەی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەشداربووانی لوتكەكە پشتیوانی خۆیان بۆ حكومەتی فیدراڵی دووپاتكردەوەو هەموو جۆرەكانی تیرۆریشیان ڕەتكردەوە.
لە كۆتاییشدا، لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواو پلەكانی گەرما، هاتووە: هەموو لایەك رێككەوتوون لەسەر هاوكاریكردن و هەوڵدانی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كێشانەی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواو پلەكانی گەرماوە دروستبوون.