TR KU SO
FB X
Cîhan

میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا جارێکی دیکە کرانە ئامانج

Navas Jan
Admin
📅 09 Ekim 2021 16:17

پەیامی کورد … میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا جارێکی دیکە کرانە ئامانج

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکە و بارەگاکانی میلیشیا ئێرانییەکان لە رۆژئاوای سووریا، بۆردومان دەکەن.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، شەوی هەینی 8-10-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفوریان لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی شاری حمس لە رۆژئاوای سووریا، بۆردومان کردووە.

بۆردومانەکە کراوەتە سەر هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا و میلیشیا ئێرانییەکان، کە لەو فڕۆکەخانەیەدا جێگیر بوون و دەنگی چەند تەقینەوەیەکیش لە ناوچەکە بیستراوە.

سەرچاوە میدیاییەکان لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە باس لەوە دەکەن، کە ژمارەیەک چەکداری سەر بە ئێران لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا، کوژراون و بریندار بوون.

میلیشیای فاتمیون کە ئێران لە چەکدارانی شیعەی ئەفغانی دروستی کردووە، لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی تەیفەر جێگیر بوون و بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئێران شەڕ بۆ بەرژەوەندیی رژێمی سووریا دەکەن.

ئاژانسی (سانا)ی سەر بە رژێمی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، بۆردومانەکە بووەتە هۆی برینداربوونی شەش سەربازی رژێم، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کوژراو و برندارانی میلیشیای فاتمیون نەکردووە.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کە لە مانگی ئاداری 2011 لە نێوان رژێمی سووریا و گرووپە چەکدارییەکان دروست بووە، ئێران بە ناردنی میلیشیای چەکداری و چەک هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات.

ئێران هەروەها پاڵپشتیی ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبیی عێراقی دەکات، کە لە سووریا شەڕ بۆ بەرژەوەندیی رژێمی سووریا دەکەن.

Paylas: