ئێمانۆێل ماکرۆن سوورە لە سەردان کردنی بۆ ڕووسیا
جان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە رادیۆی لۆكسەمبۆرگ ـ ی فەڕەنسی ڕاگەیاندووە “هێشتا بەرنامەی سەردانەكەی ماكرۆن بۆ ڕووسیا لە ئارادایە”.
جان ئیڤ لۆدریان ڕایگەیاند، كە وێرای ئەو قەیرانەی كە لە ئەنجامی هەوڵی كوشتنی سیخوورییەكەی پێشووی ڕووسیا لە بەریتانیا سەری هەڵداوە، بەڵام هێشتا، ئێمانوێل ماكرۆن سوورە لەسەر ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو سەردانی ڕووسیا بكات.
ئەم لێدوانەی جان ئێڤ لۆدریان دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، فەڕەنسا دیپلۆماتكارانی ڕووسیای لە وڵاتەكەی دەركردبوو، ئەوەیش وەك پشتیوانییەك لە بەریتانیا كە مۆسكۆی بەوە تۆمەتبار كردوو لەوەی هەوڵی كوشتنی سیخووری پێشووی ڕووسیا لە بەریتانیا، سێرگەی سكریبال-ی تەمەن 66 ساڵ و كچەكەی بە ناوی یۆلیا تەمەن 33 ساڵی دابوو.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتیشی: “داوامان لە مۆسكۆ كردووە رێز لە یاسایی نێودەوڵەتی بگرێت”.
ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەنرابوو كە ئێمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی ڕووسیا دەكات.
چاوەڕوان دەكرێت لە میانەی سەردانەكەی بۆ ڕووسیا، ئێمانوێل ماكرۆن بەشداری لە چالاكییەكانی كوڕبەندی ئابووری بكات كە لە 24 و 25ی مانگی داهاتوو لە شاری سان پێتێرزبورگ بەڕێوەبچێت.