مانگانە ٥ ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت
پەیامی کورد... مانگانە ٥ ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت
دوای ئەوەی ئۆکراینا و ڕووسیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێکیان سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا واژۆ کرد، واشنتن دووپاتی کردەوە، کە چاودێری پابەندبوونی ڕووسیا بە ڕێککەوتنەکە دەکات،
ڕۆژی ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٢ دوو بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەست بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە؛ ئاستی هەناردەکان بەپێی میکانیزمی ڕێککەوتنەکان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پێش دۆخی جەنگی سەر ئۆکراینا و مانگانە پێنج ملیۆن تۆن دانەوێڵە هەناردە بکرێت.
ئۆکراینا، ڕووسیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ئیستەنبوڵ ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کرد، لەو بارەیەوە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند؛ ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی کە بەهۆی لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا هاتووەتە ئارا.
ڕووسیا و ئۆکراینا لە دیارترین هەناردەکارانی خۆراک و دانەوێڵەن لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کە لە ٢٤ی شوباتەوە دەستی پێکردووە، بەهۆی داخستنی بەندەرەکانی ئۆکراینا، ٢٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە بەندەر و سایلۆکاندا گیریان خوارد، بەمەش نرخی دانەوێڵە لە جیهاندا بەرز بووە وە.