ئاڵمانیا و فەڕەنسا بڕیارێکی گرینگی نیشتمانی دەردەکەن
پەیامی کورد ... ئاڵمانیا و فەڕەنسا بڕیارێکی گرینگی نیشتمانی دەردەکەن
بەهۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤیرووسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو، هەریەک لە فەڕەنسا و ئاڵمانیا دووهەم قەدەغەی هاتووچۆی نیشتیمانییان راگەیاند.
لەوبارەیەوە، بەرپرسانی باڵای هەریەک لە فەڕەنسا و ئاڵمانیا رایانگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوە رێگریکردنە لەکارەساتێکی دیکە کۆرۆنا و کەمکردنەوەی رێژەی مردن و تووشبوون بەکۆرۆنا.
لەوبارەیەوە، ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاندوە، ووڵاتەکەی و بەشێک لەدراوسێکانی لەیەکیتی ئەورووپا رۆچونەتە ناو مەترسییەکانی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا و لەسبەینێوە رێکارەکانی دژی ئەو پەتایە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ١-ی دیسەمبەر بەردەوامدەبن.
رێکارەکانی دژی کۆرۆنا لەفەڕەنسا بریتین لە، مانەوەی لەماڵەوە و رۆژانە تەنها یەک کاتژمێر رێگە بەهاتنە دەرەوە دەدرێت، هەروەها بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، راهێنان و کڕینی پێداویستی زۆر گرنگ رێگە بەهاتنە دەرەوە دەدرێت، یانە و چێشتخانەکان دادەخرێن، گەشتی نێوان ناوچەکان قەدەغە دەکرێت و ئەو دووکانانەش دادەخرێن کە شتومەکی لاوەکی ناپێویست دەفرۆشن، بەشێک لەسنوورەکان دادەخرێن، زانکۆکانیش تەنها لەڕێگای ئۆنلاینەوە وانە دەخوێنن.
لای خۆشییەوە، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند، لە ٢-ی نۆڤەمبەرەوە ووڵاتەکەی بۆ ماوەی چوار هەفتە دەکەوێتە قەدەغەی هاتووچۆ و راگرتنی بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئابوورییەکان.
مێرکڵ راشیگەیاند، رێکارەکان کە داخستنی چێشتخانە، یانە و شوێنە گشتییەکان دەگرێتەوە و کۆبوونەوەی جەماوەی لە ١٠ کەس زیاتر رێگەی پێنادرێت.
بەگوێرەی ووتەکانی مێرکڵ، دوای دوو هەفتە چاو بەپێی دۆخی تەندرووستی ووڵاتەکەیان، چاو بەڕێکارەکاندا دەخشێننەوە.