TR KU SO
FB X
Cîhan

مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران ئاشكرا كرا

سارا
Yazar
📅 25 Nisan 2018 02:14

بەر لە هەڵبژاردنی خولێكی نوێ‌، پەرلەمانی عێراق، مووچە و قەبارەی دەرماڵەی ئەندامەكانی ئاشكرا دەكات.
بەپێی بەیاننامەیەكی ناوەندی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەكە وەڵامدانەوەیەكە بۆ ئەو زانیاریانەی، لە پێگە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكرێنەوە سەبارەت بە گرتەیەكی ڤیدیۆیی قسەكانی مشعان جبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراقی بۆ یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان لەبارەی كاریی ئەنجومەنی نوێنەران و مووچەی ئەندامەكانی.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “ئەوەی سەبارەت بە مووچەی پەرلەمانتاران لەلایەن مشعان جبورییەوە خرابووەڕوو، دوورە لە ڕاستییەوە و مەبەست لێی ناوزڕاندنی دامەزراوەیەكی ڕەسەنی هەڵبژێردراوە لەلایەن گەلەوە، چوونكە پێشتر هەموو ژمارەكانی تایبەت بە مووچەی پەرلەمانتاران بڵاوكراوەتەوە”.
وەك ناوەندی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێدەكات، “مووچەی ئەندامەكانی پەرلەمان ناگاتە 45 ملیۆن دینار وەك لە لێدوانەكاندا باس كراوە، بەڵكو 12 ملیۆن و 900 هەزار دینار بووە، بەر لەوەی چاكسازیی بكرێت و ئەو بڕە بۆ 10 ملیۆن دینار كەمبكرێتەوە”.
ناوەندی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بەم شێوەیە مووچە و دەرماڵەكانی پەرلەمانتارانی دیاری كردووە:
– مووچەی بنەڕەتی (4) ملیۆن دینارە
–  دەرماڵەكانی پۆست (2) ملیۆن دینارە
دەرماڵەكانی بڕوانامە:
– دكتۆرا 100%ی مووچەی بنەڕەتی
– ماجێستێر 75%ی مووچەی بنەڕەتی
– بەكالۆریۆس 45%ی مووچەی بنەڕەتی
– پەیمانگا 35%ی مووچەی بنەڕەتی
– ئامادەیی 25%ی مووچەی بنەڕەتی
سەبارەت بە پاسەوانانی پەرلەمانتارانیش لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ” پەرلەمان پشت بە میكانیزمێكی وەها دەبەستێت، كە ناكرێت یاریی بە ژمارە و مووچە و دەرماڵەكانی پاسەوانەكانەوە بكرێت، بۆیە گەر جەنابی پەرلەمانتاران هەر بەڵگەیەكی پێچەوانەی لەبەردەستە، با پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكات، بە هەمان شێوە دەستوەردانی هەندێك پەرلەمانتاریش لە كاروباری دامەزراوە حكومییەكان پێویستی بە بەڵگەیە و دەبێت قسەكەر پێشكەشی دادوەریی بكات، بە تایبەت، كە جەنابیان ئەندامی لیژنەی نەزاهەن لە پەرلەمان”.

Paylas: