ئەمریکا هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکات
پەیامی کورد... ئەمریکا هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکات
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی واشنتن پۆست، جۆن کێربی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان زانیاری لەبارەی ناردنی هاوکاری سەربازی خستەڕوو.
وتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاشکرای کرد، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن و بەهێزکردن سوپای ئۆکراینا بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەشدا وڵاتەکەی بڕیاریدا کاروانێکی هاوکاری سەربازی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زرێپۆش و چەک و تەقەمەنی لە خۆ دەگرێت، بۆ ئۆکراینا ڕەوانە بکات.
کێربی جەختی لەوە کردەوە ناردنی هاوکاری سەربازی لەلایەن وڵاتەکەی گوزارشت لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئۆکراینا دەکات.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ١١ی ئادار ئەو بودجەی کە بڕەکەی ١٣، ٦ ملیار دۆلار بوو، پەسەند کرد کە تەرخان کرابوو بۆ هاوکاری کردنی ئۆکراینا.
باس لەوەش دەکرێت ئەمریکا تاوەکوو ئێستا بە بەهای ٢، ٣ ملیار دۆلار هاوکاری پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە.