ئەمریکا هێزەکانی لە تورکیا و قەتەر ناکشێنێتەوە
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە. لە روونکردنەوەکەدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کە سەربازانی ئەمریکا هەردوو بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیکی تورکی و عەدیدی قەتەری جێدەهێڵن.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنکەی ئینجەرلیک لە تورکیا و بنکەی عەدید لە قەتەر جێناهێڵێت، و ئەو هەواڵانەی باس لەم بابەتە دەکەن”ناراستن و هیچ بنەمایەکیان نییە”.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە کە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە لە بەرژەوەندی ناکوکییەکاندایە و زیان بە متمانەی نێوان هاوپەیمانەکان دەگەێنێت لە ناوچەکەدا لە کاتێکدا کاردەکرێت بۆ هاوکاریکردن لە بواری ئاسایشی هاوبەش.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ئەمریکا نیازی هەیە هێزە شەڕکەرەکانی لە بنکەی سەربازی ئینجەرلیک لە شاری ئادانا باشووری تورکیا بکشێنێتەوە.
پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەو هەواڵانەی بەهەموو شێوەیەک رەتکردبووەوە بەرلەوەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا هەواڵەکە رەتبکاتەوە.
هەروەها هەواڵی ئەوەش بڵاوکرابوویەوە کە ئەمریکا نیازی کەمکردنەوەی هێزەکانی هەیە لە بنکەی ئاسمانی عەدید لە ووڵاتی قەتەر.