ئەمریكا هێزەكەی لە عێراق ناكێشێتەوە
پەیامی کورد … ئەمریكا هێزەكەی لە عێراق ناكێشێتەوە
ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەگەری هەیە ئەمریكا ئەو ژمارە سەربازی لە عێراق هەیەتی كە (2500) سەربازن بهێڵێتەوەو تەنها لەسەر كاغەز ئەركەكانیان بگۆڕدرێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، بەرپرسانی پنتاگۆن ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەگەری هەیە واشنتۆن ژمارەی سەربازەكانی لە عێراق كەم نەكاتەوەو وەك خۆی بیانهێڵێتەوە كە (2500) سەربازن.
ڕونیشیكردۆتەوە، ئەركی ئەو سەربازانە لەسەر كاغەز دەگۆڕدرێت، هەروەها حكومەتی كازمی و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی عێراقیش پشتگیری مانەوەی ئەو هێزانە دەكەن.
نیویۆرك تایمز باسی لەوەشكردووە، كازمی بۆیە داوای كشانەوەی ئەو هێزانە دەكات، دەیەوێت هێزە بەرهەڵستكارەكانی ئەمریكا ڕازی بكات، كە پێیان وایە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەو هێزانە لە عێراق بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێرانە.
پێشتر ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ی ئەمریكی بڵاویكردبوویەوە، واشنتۆن و بەغدا ڕێكەوتوون كە تا كۆتایی ئەمساڵ ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق كۆتایی بێت و تەنها ڕاهێنەران و ڕاوێژكاران بمێننەوەو هاوكاری هێزەكانی عێراق بكەن لە شەڕی دژی داعشدا.