ئەمریکا لە سنووری سوریا بنکەکانی حەشدی شەعبی بوردمان کرد
پەیامی کورد … ئەمریکا لە سنووری سوریا بنکەکانی حەشدی شەعبی بوردمان کرد
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆكی ئەمریكا (جۆو بایدن) سوپای ئەمریكا هێرشی ئاسمانی كردۆتە سەر گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا، ئەوەش وەكو وەڵامێك بۆ هێرشەكانی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئەو گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندی و دامەزراوەكانی ئەمریكا لە عێراق.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (جۆن كێربی) وتی، بە فەرمانی بایدن، هێزەكانی ئەمریكا هێرشێكی بەرگری وردی ئاسمانیان كردۆتە سەر كۆمەڵێك شوێنی گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا وتیشی : هێرشەكان دوو شوێنیان لە سوریاو شوێنێكی دیكەیان لە عێراق كردۆتە ئامانج كە بۆ كارپێكردن و هەڵگرتنی چەك بەكارهێندراون.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكادا هاتووەو دەڵێت، هێرشەكان دەریدەخات بایدن ڕوون بووە لەسەر ئەوەی لەپێناو پاراستنی ئەمریكییەكاندا دەجوڵێت.
جێگەی ئاماژەیە ئەمە دووەمین جارە بایدن لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا فەرمانی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوە بدات، لە مانگی دووشدا وەكو وەڵامێك بۆ هێرشە موشەكیەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێكی ئاسمانی سنوورداریدا.