ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاد دەکات
پەیامی کورد... ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاد دەکات
کاربەدەستێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٤-٨-٢٠٢٢ نیازی خۆی بۆ پێشکەشکردنی ٣ ملیار دۆلاری دیکە وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراینا ڕادەگەیەنێت، ئەمەش گەورەترین پاکێجی پشتیوانی سەربازی تاک لایەنەیە بۆ کیێڤ لە دوای دەستپێکردنی جەنگی سەر ئۆکراینا.
ئەم هاوکارییە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤-٨-٢٠٢٢ بە فەرمی لەلایەن کۆشکی سپییەوە ڕادەگەیەنرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی سەربەخۆیی ئۆکراینا و جیا بوونەوەی لە ڕووسیا و هاوکاتی تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە خاکەکەیدا.
بودجەی تایبەت بە هاوکاری ئۆکراینا لە سندووقی هاوکاری ئاسایشی پێنتاگۆنەوە دەردەچێت، کە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ خەرجییەکانی جەنگ دابین بکات.
سندووقی هاوکاری پێنتاگۆن جیاوازە لەو سندووقەی سەرۆکایەتی کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بەکاری دەهێنێت بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە سەربازییە دەستبەجێیەکدان بە هێزەکانی ئۆکراینا لە کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکاوە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو پێنتاگۆن دوایین پاکێجی یارمەتییەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە بەهای ٧٧٥ ملیۆن دۆلارە، کە بریتین لە مووشەکی وردپێکی ئامانج بەرز، چەکی دژە زرێپۆش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی، تۆپخانە و کەرەستەی تەقەمەنی.