TR KU SO
FB X
Cîhan

نەخشەی فەلەستین لە لایەن گووگڵ و ئەپڵی ئەمریکییەوە بە یەکجاری سڕدرایەوە

سارا
Yazar
📅 19 Temmuz 2020 22:00

پەیامی کورد    ...   نەخشەی فەلەستین لە لایەن گووگڵ و ئەپڵی ئەمریکییەوە بە یەکجاری سڕدرایەوە

 هەر دوو کۆمپانیای گووگڵ و ئەپڵی ئەمریکی، لە لایەن فەلەستینییەکانەوە لە رێگەی هاشتاگێکەوە بەهۆی سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستین لە نێو ماڵپەرەکانیاندا خرانە بەر ڕەخنەی تووندەوە. ئەوان هەردوو کۆمپانیاکەیان بەلایەنگری ئیسرائیل تۆمەتبارکرد.

ئاژانسی دەنگ وباسی فەرمی فەڵەستین رایگەیاندووە  چالاکوانانی سۆسیال میدیا، لە رێگەی هاشتاگێکەوە هەڵمەتێکیان دژی ئەو دوو کۆمپانیایە دەستپێکرد و تۆمەتباریان کردن، بە پشتگوێ خستنی راستییە مێژووییە بەڵگەدارەکان لەبارەی دۆسیەی فەڵەستینەوە.

ریاز مالیکی، وەزیری دەرەوە و ئاوارەکانی فەلەستین، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی هەردوو کۆمپانیا کرد و ناڕەزایەتی بەرامبەر سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستین دەربڕی و تۆمەتباریکردن بە ملکەچبوون بۆ "گوشار و هەڕەشەکان"ی ئیسرائیل.

مالیکی رایگەیاندووە: "سڕینەوەی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لەناو نەخشەکانی هەردوو کۆمپانیادا، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و ملکەچبوونە بۆ گوشار و هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئەگەر لەو هەنگاوە پاشەکشە نەکەن، پەنا دەبەینە بەر بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دژیان".

لە بەرامبەردا ئیسحاق سدر، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاری رایگەیاند، ئەوان بەدوای شوێنگرەوەی searcher دیکەدا دەگەڕێن بۆ شوێنگرتنەوەی گووگڵ، وەک searcher رووسی یان چینی، ئەمەش وەک وەڵام بەرامبەر سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستین لە گووگڵ و ئەپڵدا.

وەزیرە فەڵەستینییەکە زیاتر دەڵێی "رێوشوێنەکانی سێرچەری گووگڵ و کۆمپانیای ئەپڵ، بە لابردنی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر نەخشەکانیان، ئاماژەیە بۆ لایەنگیری کوێرانەی داگیرکەری ئیسرائیل". ئاشکرایکرد کە وەزارەتەکەی زیاتر لە هەنگاوێکی دەستنیشانکردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیاری ئەو دوو کۆمپانیایە، لەوانەش گوشار خستنە سەریان، لە رێگەی خزمەتگوزاری و ئەو سێرڤەرانەی هەندێک لە کۆمپانیا فەڵەستینییەکان بەکاریدەهێنن.

لە دوای سڕینەوەی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لە گووگڵ، ئێستا کاتێک گەڕان بۆ وشەی فەڵەستین دەکەیت، تەنیا ناوی وڵاتانی دراوسێت پێشاندەدات و فەڵەستین وەک دەوڵەتێک لە گەڕانەکەدا دەرناکەوێت.

سدر گوتی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەردوو کۆمپانیا دەگرینەبەر، چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، تیمێکی تایبەت لە وەزارەتەکەمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا دروستدەکەین".

پێنجشەممەی رابردوو، ماڵپەری سۆرس نیوز/میلیتاری، یەکەم پێگەبوو کە سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستینی لەسەر گووگڵ راگەیاند.

لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامی، هەمان هەڵوێستی پێشاندا و رایگەیاند: "هەنگاوی دوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە، لایەنداریکردنی داگیرکاری ئیسرائیلە و نکوڵیکردنە لە راستییە مێژووییەکان".

تائێستا هیچ کام لەو دوو کۆمپانیایە هیچ روونکردنەوەیەکیان، لەسەر هەنگاوی سڕینەوەی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر نەخشەکانیان رانەگەیاندووە.

Paylas: