TR KU SO
FB X
Cîhan

یۆنامی هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان

Navas Jan
Admin
📅 06 Haziran 2022 21:29

پەیامی کورد... یۆنامی هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان

شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە یاوەری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی کەمپی ئەلهۆلیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا یۆنامی لەبارەی ڕەوشی پەنابەرانەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەلهۆل ناوچەیەکی وێران و فراوانی پڕ لە چادرە لە ژێر خۆری سوتێنەردا، بۆ چەندین ساڵە ماڵی زۆرەملێی دەیان هەزار کەسە، شاندەکە لەنزیکەوە بارودۆخە نالەبارەکەیانی بینی، ئەمە تەنیا وردەکارییەک بوو لەو ئاڵنگارییە بێئەندازەیانەی کە دانیشتووانی ئەلهۆل ڕۆژانە بەرگەی دەگرن- سەرەڕای باشترین هەوڵی هاوکارەکانی بواری مرۆیی.

ئاماژەشی کردووە، زۆر کەس بە تایبەتی منداڵان هەرگیز داوایان نەکردووە بەشێک بن لەم دۆخە نائومێدانەی کە کۆتایییەکەی دیار نییە، بەڵام ٥٠٪ی کۆی دانیشتووانی ئەلهۆڵ کە لە ئێستادا نزیکەی ٥٦ هەزار کەسن تەمەنیان لەخوار ١٢ ساڵییەوەن، ئەوان خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە لە مافەکانیان بێبەش بوون و بێ توانان و پەراوێز خراون، بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی کە لە ئێستادا زۆر ناجێگیرە لەوەتەی چەند مانگی ڕابردووە زیاتر خراپتر بوە، ئەمەش مەترسییەکانی پەیوەست بەم کارەساتە لەسەرخۆیە ڕوونتر کردووەتەوە کە کەمپێکی وەک ئەلهۆل سووتەمەنی ناڕەزایی دەدات و ئیلهامبەخشە بۆ تیرۆریستان، لە ئۆپەراسیۆنە پچڕپچڕەکان تا هێرشی بەرفراوان ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دۆخەکە بە ناچاری کاریگەری لەسەر ناوچەکە و زۆر ناوچەی تریش دەبێت.

یۆنامی ڕاشیگەیاندوە کە جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاندوە: هێشتنەوەی خەڵک لە دۆخێکی سنووردار و خراپدا لە کۆتاییدا مەترسی پاراستن و ئاسایشی زیاتر دروست دەکات لە چاو وەرگرتنەوەیان بە شێوەیەکی کۆنترۆڵ کراو، عێراق دەری دەخات کە گەڕاندنەوەیان ئەگەری هەیە بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا، باشترین و تاکە چارەسەری بەردەوام بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی خێرا و یەکلاکەرەوە و گیانی هاوبەشی بۆ ڕێگریکردن لە میراتی شەڕی دوێنێی دژی داعش بۆ ئەوەی نەبێتە سووتەمەنی ناکۆکی سبەینێ.

هەر لەو بارەیەوە هەماهەنگکاری نیشتەجێی و مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا وتویەتی: ئەلهۆل شوێنی منداڵان نییە، هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بەرەو چارەسەرکردنی دۆخەکە زۆر گرنگن، پێویستە بە زووترین کات ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانیان لە کەمپەکەدا هەن بیانگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان، تا ئێستا و بەدوایین گواستنەوە لە١ی حوزەیراندا زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٠٠ عێراقی گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام بەو پێیەی هەزاران عێراقی کە تەنیا لە ئەلهۆل نزیکەی ٢٨ هەزار کەسن هێشتا لەوێ ماون، دەسەڵاتدارانی عێراق بەڕاستی درک بەوە دەکەن کە ناتوانن لێرە بوەستن.

یۆنامی داواشی لە هەموو حکومەتەکانی تری وڵاتان کردووە لە ئێستادا ئەلهۆل هاووڵاتییانی ٥١ وڵاتی جیاوازی تێدایە کە پێویستە بە هەمان شێوە هاووڵاتییانیان یان دانیشتووانیان یان کەسانی پەیوەندیداریان بگەڕێننەوە وڵاتەکانی خۆیان بە ڕێوشوێنی گونجاوی دادپەروەری و لێپرسینەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە داڕشتنی بەرنامەکانی دووبارە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا بۆ ئەوانەی کە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە.

Paylas: