نەسرین ستوودە پارێزەری دەستبەسەر کراوی ئێرانی خەڵاتی ئازادی ڕادەربڕینی پێبەخشرا
پەیامی کورد … نەسرین ستوودە پارێزەری دەستبەسەر کراوی ئێرانی خەڵاتی ئازادی ڕادەربڕینی پێبەخشرا
رێوڕەسمی پێشکێشکردنی ئەو خەڵاتە رۆژی چوارشەممە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەبێ ئامادەبوونی نەسرین ستوودە لە موزەخانەی رینا سۆفیا بەڕێوەچوو.
کرۆز سانچێز، پارێزەری ئیسپانی بە نوێنەرایەتیی نەسرین ستوودە خەڵاتەکەی وەرگرت و رایگەیاند، جێگەی شانازییە لە جێگەی هاوکارەکەی ئەو خەڵاتە وەردەگرێت.
نزیکەی سێ ساڵە نەسرین ستوودە لە زیندانێکی ئێرانە، ئەو پارێزەرە ئیسپانییە لە رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ شارستانییەتی ئێمە کارەساتە کە نەسرین ستوودە خۆی ناتوانێت ئامادە بێت و خەڵاتەکە وەربگرێت، تەنیا ئەو شایستەی وەرگرتنی خەڵاتەکەیە."
لیژنەی ناوبژیوانان پێیانوایە نەسرین ستوودە بەهۆی خۆڕاگری لە بەرامبەر مافەکانی ژنان کە کاریگەریی لەسەر نەوەکانی داهاتووش هەیە، باشترین بژاردەی وەرگرتنی خەڵاتەکە بووە.
نەسرین ستوودە لە رۆژی 2018.06.13 وە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆری سیاسی خراوەتە گرتووخانە و سزای 33 ساڵ بەندکردن و لێدانی 148 قامچی بەسەردا سەپێنراوە.