ناتۆ هێزێکی نوێ ڕەوانەی عێراق دەکات
لە بەیانێکی هاوبەش سکرتێری گشتی ناتۆ، لە گەڵ جەیمز ماتیس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لە ڕەوانەکردنی هێزیکی نوێ بۆ عێراق دەکات.
یێنس ستولتێنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لەم بارەوە دەڵێت: لە وەڵامی داواکارییەکەی دەوڵەتی عێراق ، ناتۆ بەم زووانە هێزێکی نوێ ڕەوانەی ئەم وڵاتە دەکات. بە گوتەی سکرتێری گشتی ناتۆ، ئامانج لە ناردنی هێزی ناتۆ، مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە سوپای عێراقە.
ستولتێنبێرگ هەروەها دەڵێت، ئەم بڕیارەی ناتۆ، یارمەتی بە سوپای عێراق بۆ بوونی ووڵاتێکی بەهێز و لایەنی بەرگریکارانەی دەکات و هەروەها بەربەستێکە لە بەردەم سەرهەڵدانەوەی داعش.
دوای داعش، عێراق سەركردایەتی دانیشتنێكی كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ناتۆی كرد، ئامانجی كۆنگرەكەش مانەوەی ناتۆ بوو لە عێراق لەرووی سەربازییەوە. ئێرانیش ئەو هەنگاوەی ناتۆ بە مەترسی بۆ سەرخۆی دادەنێ و دژی دامەزراندنی بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق.
پاش ئازادكردنی مووسڵ لە تشرینی دووەمی 2017 و كۆتاهێنان بە داعش، عێراق سەركردایەتیی كۆنگرەی "داهاتووی عێراق و سووریا دوای داعش" بۆ پەرلەمانەكانی وڵاتانی ناتۆ كرد. ئەمەش یەكەمجارە عێراق سەركردایەتی وەها كۆنگرەیەك بكات و ووڵاتانی بەشدار لە كۆنگرەكە بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسەكە بخەنەڕوو.
ڕاهێنانی هێزەکانی عێراق لە لایەن ناتۆوە، هاوینی ٢٠١٥ دەستیپێکرد و شوێنی ڕاهێنانی سەربازانی ئەم ووڵاتەش لە سەر خاکی ئۆردن دیاری کرابوو.
دوایین کاروباری ناتۆ بۆ مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە سوپای عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١١.