نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانیی خۆی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دووپات دەكاتەوە
پەیامی کورد … نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانیی خۆی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دووپات دەكاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی بۆ كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دووپات كردەوە و بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی تا ئەنجامێكی ورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەردەكرێت.
ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق پێشوازی لە جینین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی" كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا بلاسخارت ڕای گەیاند كە بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تا دەركردنی ئەنجامێكی ورد و كۆتایی بۆ كۆی پرۆسەكە.
لای خۆیەوە كازمی سوپاسی بەشداریی كارای نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ دابینكردنی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
هەروەها بلاسخارتیش پەسنی پلانی لۆجستی و ئەمنیی حكوومەتی كرد لە پرۆسەی دەنگداندا، كە بووە هۆی ئەوەی پرۆسەكە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت.