ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ژمارەی سندوقە نەکراوەکانی ئاشکراکرد
پەیامی کورد... ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ژمارەی سندوقە نەکراوەکانی ئاشکراکرد
ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤٩.٤٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کاندیدی هاوپەیمانی میللەتیش خاوەنی ٤٤.٦٩ـی دەنگەکانە، ٢٧ سندوق لەنێو تورکیا و هەزار و ٥٠٠ سندوقیش لە دەرەوەی وڵات تاوەکو ئێستا نەکراوەنەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و سەرۆکی ئێستای تورکیا ٤٩.٤٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کەمال کلێچدار ئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەتیش خاوەنی ٤٤.٦٩ـی دەنگەکانە.
باسی لەوەشکردووە، ٢٧ سندوق لەنێو تورکیا و هەزار و ٥٠٠ سندوقیش لە دەرەوەی وڵات تاوەکو ئێستا نەکراوەنەتەوە و هەژمارکردنیان بۆ نەکراوە.
لایخۆشییەوە کەمال کلێچدار ئۆغلو رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنەکان بچێتە خولی دووەم بەبێ شک دەیبەنەوە و تاوەکو ئێستاش ئەنجامەکان بەو جۆرەن کە خولی دووەم ئەنجامدەدرێت.
وتیشی، "نزیکبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن بۆ نزیکەی ٩٠٪ دڵخۆشییە و ئەنجامە بەراییەکان دەری دەخەن کە ئەردۆغان متمانەی گەل بە دەست ناهێنێت ".
دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە و تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوام بوو، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جار دەنگیان دا.
پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە و لە ئەستەنبوڵەوە ٨٩ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە ئەنقەرە ٣٦ کاندید سەرکەوتوو دەبن و لە ئیزمیریش ٢٨ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار و لە ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار و لە ئەدەنا ١٥ کاندیدی سەرکەوتوو و و کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.
ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا لە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا دەنگدرا و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوق بوو ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.
لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا، ململانێیەکی بەهێز لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەبوو لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردبوو.