نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ دووشەممە ٠٥ی ١٠ی ٢٠٢٠ بە هۆی دوودڵی وەبەرهێنەران لەبارەی ئەوەی کە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو زیاترە لە ئاستی ئەو هیوایەی کە لەبارەی بووژانەوەی بازاڕە ئابوورییەکانی ئەمریکا هەیە، هاوکات بەهۆی کاریگەرییەکانی تووشبوونی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە کۆرۆنا، نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردوە.
بەپێی بۆرسەی جیهانی، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت یەک دۆلار و ٦٦ سەنت دابەزی، کە دەکات ٤.٦%ی نرخەکەی و لە دوایین مامەڵەدا بە ٣٩.٢٧ دۆلار فرۆشرا.
لەبەرامبەردا، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی یەک دۆلار و ٦٧ سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی کە لەسەدا ٤.٣١-ی نرخەکەیەتی و بەوەش هەر بەرمیلێک بە ٣٧.٠٥ دۆلار فرۆشرا.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو دوای تووشبوونی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەگەری گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراو، نرخی نەوتی برێنت بۆ ٣٧.٦٦ دابەزی.
بەپێی ئامارەکان کۆرۆنا، تا ئێستا ژمارەی مردوانی ئەو ڤایرووسە ملیۆنێک کەسی تێپەڕاندوە و بەردەوامیش ژمارەی تووشبوان لە ئەمریکا و ووڵاتانی ئەورووپا لە زیادبووندایە، ئەوەش دوودڵی لەبارەی دووبارە پەکخستەوەی جمووجووڵە ئابوورییەکان لێکەوتوەتەوە.