چوار مەرجی ڕووسیا بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکراینا
پەیامی کورد... چوار مەرجی ڕووسیا بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکراینا
وتەبێژی کریملین دەڵێت، دەشێت پرۆسە سەربازییەکانی سەر ئۆکراینا «لە ئان و ساتدا» بوەستێندرێت، بەو مەرجەی کیێڤ وەڵامی داخوازییەکانی ڕووسیا بداتەوە.
دیمیتری بیسکۆڤ، وتەبێژ بەناوی کریملین ڕایگەیاند، ڕووسیا داوا لە ئۆکراینا دەکات پرۆسە سەربازییەکانی بوەستێنێت، دەستوورەکەی هەمواربکاتەوە و تیایدا بێلایەنی دیاریبکات، دان بە نیمچەدوورگەی قرمدا بنێت وەک خاکی ڕووسیا و بە هەمان شێوە دان بە هەر دوو کۆماری دۆنیتسک و لۆهانسک-دا بنێت.
بیسکۆڤ ئەوەشی وت، ڕووسیا بە ئۆکراینای ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ وەستاندنی پرۆسە سەربازییەکەی «لە ئان و ساتدا» ئەگەر کیێڤ مەرجەکان جێ بەجێ بکات.
ئۆکراینا ئاگاداری مەرجەکانە، پێشیانوتراوە کە دەبێتە هۆی ڕاوەستاندنی شەڕ، وتەبێژەکەی کریملین وای وت.
ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای سەپاندنی سزای جیهانیی نوێی بەسەر ڕووسیادا کرد بەهۆی داگیرکارییەکەی بۆسەر وڵاتەکەی، پێشنیاری بایکۆتکردنی نەوتی ڕووسی و ئەودوای هەناردەکانی ئەو وڵاتەشی کرد، لەگەڵ ڕاوەستاندنی هەر هەناردەیەک بەرەو ڕووسیا.
زیلینسکی وتی، پێویستە فشارە ئابورییەکان زیادبکرێن، داوای سەپاندنی قەدەغەی بازرگانیی نێودەوڵەتیشی بەسەر ڕووسیادا کرد.