TR KU SO
FB X
Cîhan

وڵاتی هیندستان هەناردەکردنی گەنم قەدەغە دەکات

Navas Jan
Admin
📅 15 Mayıs 2022 16:16

پەیامی کورد... وڵاتی هیندستان هەناردەکردنی گەنم قەدەغە دەکات

دووەم گەورە وڵاتی بەرهەمهێنەری گەنم لە جیهاندا هەناردەکردنی ئەو دانەوێڵەیەی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاگرت بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە ئاسایشی خۆراک.

لەمبارەیەوە سانتۆش کۆمار سارانجی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی دەرەکی لە هیندستان بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکەی واژۆ کرد و ئاماژەی بە «بەرزبوونەوەی لەناکاو» ی نرخی گەنم لە جیهاندا کرد کە هیندستان و وڵاتانی دیکە ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، بەپێی ئەو بڕیارەی ڕۆژی هەینی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان سەرەڕای ئەوەی هیندستان دووەم گەورە بەرهەمهێنەری گەنمە لە جیهاندا، بەڵام زۆرینەی بەرهەمەکەی بەکاردەبات، پێشتر هیندستان ئامانجێکی دیاری کردبوو بۆ هەناردەکردنی ١٠ ملیۆن تۆن گەنم لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٣، زۆرینەیان بۆ ئەندۆنیسیا، فلیپین و تایلەند.

هاوکات بەرهەمی گەنم لە هیندستان گرفتاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما بوو، هەر وەک ئەمبارەکانی ڕووبەڕووی فشار بووەوە بەهۆی بەخۆرایی دابەشکردنی گەنم لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا.

لە لایەکی دیکەوە هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا کە لە ٢٤ی شوباتی ڕابردووەوە، کاریگەری لەسەر چالاکییە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە کە بەر لەو شەڕە چوارەم گەورە سەرچاوەی جیهانیی گەنمەشامی بوو و نزیکبوو لەوەی ببێتە سێیەم گەورە هەناردەکاری گەنم.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی گەنم لە جیهاندا بە زیاتر لە ٤٠٪ بەرز بووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی خۆراک هەڕەشەی مەترسیی برسێتی و بارگرژیی کۆمەڵایەتی لێ دەکرێت، بەتایبەت لە وڵاتانی هەژار و ئەوانەدا کە پێداویستییەکانیان لە دانەوێڵە لە دەرەوە هاوردە دەکەن.

Paylas: