وەزیری هەواڵگری و زانیاری ئیسرائیل ناوی 5 ووڵاتی دیکەی بۆ سازان لەگەڵ ووڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد
پەیامی کورد ... وەزیری هەواڵگری و زانیاری ئیسرائیل ناوی 5 ووڵاتی دیکەی بۆ سازان لەگەڵ ووڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد
ئێلی کۆهێن، وەزیری هەواڵگری و زانیاری ئیسرائیل لە گفتوگۆ دەگەڵ کاناڵی 20ی تەلەفزیۆنی ئەو ووڵاتە ڕایگەیاند، تەل ئەڤیڤ هەوڵ دەدات لە داهاتوودا لەگەڵ پێنج ووڵاتی دیکە پەیوەندی درووست بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئای 24، ئێلی کۆهێن لەو بارەوە ڕایگەیاند : تەل ئەڤیڤ پەیوەندی چڕوپڕی خۆی دەگەڵ چەند ووڵاتان بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بەرەو پێش دەبات، بەڵام ئەو پرسە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕوون دەبێتەوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، کۆهێن لە درێژەدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە تەل ئەڤیڤ هەوڵ دەدات لەگەڵ عەرەبستان، عەممان، قەتەر، نایجێریا و مەراکش پەیوەندی درووست بکات.
کوهێن لە درێژەدا ووتی: دوای ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیمارات بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە : تەل ئەڤیڤ لە بەرەبەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوشێوەیە لەگەڵ چەند ووڵاتێکی ئەفریقی و چەند ووڵاتێکی عەرەبی دەورووبەری کەنداوی فارسە و ئەوش بە پەیوەستبوونی بەحرەین و سوودان بە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی، مسۆگەر بوو.
دەیڤد فریدمەن، باڵیۆزی ئەمریکا لە تەل ئەڤیڤ پێشتر ڕایگەیاندبوو ، پێنج هەتاکوو ١٠ ووڵاتی دیکە پەیوەستی ئەو ووڵاتانە دەبن کە لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکدەکەون.