وەزارەتی کاری ئێران: 33٪ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین
پەیامی کورد... وەزارەتی کاری ئێران: 33٪ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین
وەزارەتی کاری ئێران راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئابووریی خەڵکی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو رێژەی ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیاون، دوو هێندە زیادیکردووە و یەک لەسەر سێی خەڵکی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، رێژەی داهاتی پێویست بۆ دەربازبوون لە هێڵی هەژاری نزیکەی 50٪ زیادیکردووە و مانگانە بۆ هەر تاکێک بەشێوەی مامناوەندی بووەتە یەک ملیۆن و 682 هەزار تمەن. ساڵی رابردوو هەر خێزانێکی چوار کەسی مانگانە کەمتر لە چوار ملیۆن و 541 هەزار تمەن داهاتی هەبووە و لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیاوە.
بەپێی بەراوردەکانی وەزارەتی کاری ئێران، ئەمساڵ داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی هەر تاکێک لەو وڵاتە مانگانە بەشێوەی مامناوەندی بۆ دوو ملیۆن و 850 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە. لە تاران داهاتی پێویست بۆ ئەوەی خێزانێکی چوار کەسی لەژێر هێڵی هەژاریدا نەبن، 14 ملیۆن و 700 هەزار تمەنە. لە شوێنەکانی دیکەش 7 ملیۆن و 700 هەزار تمەنە.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی کاری ئێران، لە ساڵی 2011 بەشێوەی مامناوەندی 2700 کالۆری گەیشتووەتە جەستەی هەر تاکێک لەو وڵاتە، بەڵام ساڵی 2021 ئەو ژمارەیە بۆ 2200 کالۆری دابەزیوە.