یونیسێف: ئاوارەبوونی منداڵان گەیشتە ژمارەی پێوانەیی
پەیامی کورد... یونیسێف: ئاوارەبوونی منداڵان گەیشتە ژمارەی پێوانەیی
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی یونیسێف ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕ و قەیرانەکانی دیکە لە جیهاندا هەڵهاتوون گەیشتووەتە نزیکەی ٣٦.٥ ملیۆن منداڵ.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی لە نیویۆرک خستییە ڕوو ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ململانێ، توندوتیژی و قەیرانەکانی دیکەی سەر ئاستی جیهان هەڵهاتوون گەیشتووەتە ژمارەیەکی بێ پێشینە لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە.
بەپێی ئەو ژمارانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ئاشکرای کرد، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٣٦.٥ ملیۆن منداڵ ناچار بە هەڵهاتن لە نیشتمانەکانیان بوون، نزیکەی ٢٢.٨ ملیۆنیان بەهۆی ململانێکان و توندوتیژی بووە.
ئەمەش زیادبوون بە بڕی ٢.٢ ملیۆن لە ژمارەی منداڵانی ئاوارە لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەگرێتەوە.
یونیسێف ڕوونی کردەوە، بەرزبوونەوەی ژمارەکە لە ئاکامی ڕاستەوخۆی ململانێکانی وەک ئەوایە کە لە ئەفغانستان و یەمەن بووە، لەگەڵ ئەوەی ٧.٣ ملیۆن منداڵی دیکە لە ساڵی ٢٠٢١دا بێ جێگا و ماڵ بوون بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە.
یونیسێف داوای لە حکومەتەکانی جیهان کرد پەرە بە پارێزگاریکردن لە ئاوارە، کۆچبەر و منداڵان بدەن.
بەهۆی ئەوەی ژمارەکان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢١، منداڵانی ئۆکراینی ناگرێتەوە، ئەوانەی ماڵەکانیان جێ هێشتووە یان ناچار بە هەڵهاتن بوون بەهۆی شەڕی ڕووسیاوە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دوو ملیۆن منداڵی دیکە لە شوباتی ڕابردووەوە، هەروەها هەڵهاتنی سێ ملیۆنی دیکە لەناو وڵاتەکەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، منداڵان و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بوونەتەوە بەهۆی دیاردە دژوارەکانی ئاووهەوا، وەک وشکبوونەوە لە ئەفریقا، لافاوی قورس کە لە هیندستان، بەنگلادیش و باشووری ئەفریقا ڕوویدا.