ڕووسیا مانۆڕی ئەتۆمیی دەستپێکرد
پەیامی کورد... ڕووسیا مانۆڕی ئەتۆمیی دەستپێکرد
وەزیری بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزی ئەتۆمیی ڕووسیا مانۆڕی دەستپێکردووە، وەزیری بەرگریی بەریتانیاش دەڵێت، هێزی ئەتۆمیی بەریتانیا لەو پەری ئامادەباشیدایە.
سێرگی شویگۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزی ئەتۆمیی ڕووسیا بە تیمی پشتیوانییەوە دەستیکردووە بە مانۆڕ.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، شویگۆ بە پووتینی وتووە فەرمانەکەی ئەوی جێبەجێ کردووە و ناوەندەکانی کۆنترۆڵی سەر بە هێزی مووشەکی ستراتیژی و کەشتیگەلی باکوور و کەشتیگەلی ئۆقیانووسی هێمن و فەرماندەیی فڕۆکەوانیی دوورمەودا، پاڵپشت بە تیمی پشتیوانی مانۆڕی سەربازییان دەستپێکردووە.
دوێنێ یەکشەممە ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا، هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشیی شەڕکەرییەوە.
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ڕووسیا و سەرۆکەکەیدا، بێن واڵاس وەزیری بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕەفتارەکانی پووتین «نا ئەقڵانین» و هەڕەشەی پەنابردنە بەر چەکی ئەتۆمی، ئامانج لێی لابردنی سەرنجە لەسەر کێشەکانی ناوخۆی ڕووسیا.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا وتیشی، بەریتانیا ئامادەباشیی ئەتۆمیی خۆی لە بەرزترین ئاستدا دەهێڵێتەوە.