ڕووسیا : مەترسی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران زۆر نزیکە
پەیامی کورد ... وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند، یەکێتی ئەورووپا پابەند نەبوون بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەوهۆیەشەوە مەترسی هەڵوەشاندنەوە و کۆتایهاتنی ئەو رێککەوتنە لەئارادایە.
کەمێک بەرلەئێستا لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ووڵاتەکەی ترس و نیگەرانییەکی قوڵی بەرامبەر رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و ووڵاتانی کاریگەری جیهان هەیە و ئەگەر یەکێتی ئەورووپا پابەند نەبن ئەو رێککەوتنە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی زۆرە.
وەزیری دەرەوەی روسیا راشیگەیاند، لەئێستادا بەهۆی بەردەوامی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و هەنگاوە ناپێویستەکانی یەکێتی ئەورووپاوە کێشەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئیران لەقووڵبوونەوەدایە و گەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێن ئاراستەیەکی تر وەردەگرێت.
جەختیشی کردەوە ئەمریکا جگەلەوەی خۆی پابەند نابێت بەرێککەوتنەکە، هاوکات هانی ووڵاتانی دیکەش دەدات بۆ پابەند نەبوونیان، بەوجۆرە بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ تێکشکاندنی ئەو رێککەوتنە.