ڕووسیا ٧ کارمەندی باڵیۆزخانەی وڵاتێکی ئەورووپایی دەرکرد
پەیامی کورد... ڕووسیا ٧ کارمەندی باڵیۆزخانەی وڵاتێکی ئەورووپایی دەرکرد
ڕووسیا دەرکردنی حەوت کارمەندی لە باڵیۆزخانەی دانیمارک لە مۆسکۆ ڕاگەیاند لە بەرامبەر ڕاگەیاندنێکی هاوشێوە چوار هەفتە لەمەوبەر لەلایەن کۆپنهاگنەوە.
ئەم کاردانەوەیەی ڕووسیا بە مانگێک دوای ئەوە هات، کە حکومەتی دانیمارک ١٥ کارمەندی لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە کۆپنهاگن دەرکرد و بە هەواڵگری بۆ ڕووسیا تۆمەتباری کردن.
حکومەتی دانیمارک ڕایگەیاند ئەو گەرەکیەتی پەیامێکی ڕوون بداتە مۆسکۆ، کە دانیمارک کارمەندانی هەواڵگری ڕووسی لەسەر خاکی دانیمارک قبووڵ ناکات کە وەک دانیمارک دەڵێت کاری سیخوڕی دەکەن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی ڤیزای هاتنە نێو ڕووسیا نادات بە دیپلۆماتکارێک کە لە ئەرکی دیپلۆماسی دانیمارکدا لە مۆسکۆ کار دەکات، گوتیشی ڕووسیا مافی خۆیەتی هەنگاوی زیاتری تۆڵەسەندنەوە بنێت دژ بەم کارە نا دۆستانەی کۆپنهاگن وەک ئاماژەیەک بە دەرکردنی ١٥ کارمەندی ڕووسی لە باڵیۆزخانەکەی لە وڵاتی دانیمارک.
لەو کاتەوە مۆسکۆ لە ٢٤ مانگی دووی ئەمساڵ و بەبێ پاساو پەلاماری ئۆکراینای دا، بە دەیان لە وڵاتانی ئەورووپی و هاوپەیمانانی دیکە، دیپلۆماتکارانی ڕووسی و هەروەها ستافی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکردووە.