ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی پسکۆڤ
پەیامی کورد... ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی پسکۆڤ
لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە ئۆکراینا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی ناوچەی پسکۆڤ-ی ڕووسیا، ئاژانسە هەواڵیە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە لەو هێرشەدا چوار فڕۆکە زیانیان بەرکەوتووە.
پارێزگاری ناوچەی پسکۆڤ، میخایل ڤیدێرنیکۆڤ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی، بڵاویکردەوە کە کاتەکانی شەو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی پسکۆڤ و، بەپێی ئامارە بەراییەکان هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە و، کارەکانیش درێژەی هەیە بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکانی هێرشەکە.
ئاژانسی هەواڵی TASS، لە هەواڵێکیدا کە بەپشت بەستن بە خزمەتگوزاری بەپەلە بڵاویکردووەتەوە، لەو هێرشەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی پسکۆڤ چوار فڕۆکەی جۆری İl-76 زیانیان بەرکەوتووە، لەوانەیش دووانیان سووتاون.
لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت فڕۆکەخانەی پسکۆڤ بێت، چەند فڕۆکەیەک دەبینرێت کە ئاگریان گرتووە.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویکردەوە کە کاتەکانی شەو ڕێگری کراوە لە هەوڵی ئۆکراینا بۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوەکانی ناو خاکی ڕووسیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
سەرۆکی ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ سێرگی پۆپکۆ، لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووسیا کاتەکانی شەو هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر کیێڤ و، ڕایگەیاند: ''لە بەهارەوە تا ئێستا کیێڤ هێرشی بەو شێوەیە بەهێزی بەخۆیەوە نەبینیوە. دوژمن بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشێکی چری ئەنجام داوە''.