ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و دوو مووشەکی نوێی بالیستیکی دهناسێنێت
پەیامی کورد... ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و دوو مووشەکی نوێی بالیستیکی دهناسێنێت
ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکداری موهاجیر ١٠، کە لە توانایدا هەیە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە بەرزی حەوت هەزار مەتردا بمێنێتەوە، لەگەڵ دوو مووشەکی نوێی بالیستیکی دهناسێنێت.
ئهمڕۆ سێ شهممه 22_ی ئاب_ی 2023 ئاژانسی فەڕمی هەواڵی ئێران IRNA بڵاویكردهوه، لەو ڕێوڕەسمی ناساندنەدا کە بەبۆنەی ''ڕۆژی پیشەسازیی بەرگریی'' سازکرا، هەریەک لە سەرکۆماری وڵاتەکە، ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری بەرگریی، محەمەدڕەزا ئاشتیانی بەشدارییان کردووە.
ئاماژهی بهوهش كردووه،فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار موهاجیر ١٠، لە توانایدا هەیە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە بەرزایی حەوت هەزار مەتردا بمێنێتەوە، کە ٤٥٠ لیتر سووتەمەنی هەڵدەگرێت و مەودای دوو هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و لە کاتژمێرێکدا خێراییەکەی بگاتە ٢١٠ کیلۆمەتر.
ئهوهش خراوتهڕوو،دەتوانرێت لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەوە مووشەکی ئەڵماس و بۆمبی پێشکەوتووی قائیم کە دروستکراوی ئێرانن هەڵبدرێت.
لە هەمان ڕێوڕەسمدا، مووشەکی بالیستیکییەکانی خوڕەمشەهر و حاجی قاسم ناسێندرا.
مووشەکی خوڕەمشەهر کە لەلایەن شارەزایانی دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی سەربە وەزارەتی بەرگریی ئێرانەوە پەرەی پێدراوە، توانای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتری هەیە و، درێژییەکەی ١٣ مەتر و کێشی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرامە کە توانەی دروستکردنی تەقینەوەیەکی بەهێزی هەیە.
مووشەكی حاجی قاسم کە ناوی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی قودسی سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لێنراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە عێراق کوژرا، توانای بڕینی هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتری هەیە و، ١١ مەتر درێژە و کێشی ٥٠٠ کیلۆگرامە.