ئێران لە خۆ ئامادەکردنە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل
پەیامی کورد ... ئێران لە خۆ ئامادەکردنە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل .
ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ڕێگای گرووپی تێرۆریستی "حیزبۆڵڵای لوبنانـ"ـەوە ئامادەکاری دەکات تاکوو هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل؛ ئەو هێرشە بۆ ووڵامدانەوە بە ئیسرائیله کە لە سووریا هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کاتێک ڕێژیمی ئێران لە سووریا ڕاوێژکارەکانی خۆی کۆ دەکاتەوە و پاشەکشە بە هێزەکانی دەکات، بۆ ئەوە نییە لە سووریا بچێتە دەرەوە بەڵکوو بۆ خۆ کۆکردنەوەیە هەتا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
مانگی ڕابردوو چەندین هەواڵ بڵاو کرایەوە کە ڕێژیمی ئێران هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە و "عەلی شەمخانی" سەرۆکی باڵای شەورای تەناهی ئێران ووتی، کشانەوە بە قازانجی سووریایە.
لە ئێستادا کارناسانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، ئێران لە سووریا ناکشێتەوە.
ئیسرائیل بەفەرمی ڕایگەیاندووە کە بنکە و پێگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریا دەکاتە ئامانج و ئیزن نادات ئێران لە سووریا بەهێز بێت.
لە ماوەی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل بەردەوام بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریا بۆردومان کردووە و زۆرێک لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانیش کوژراون.