رۆیتەرز: ئێران تاكتیكی خۆی لە عێراق گۆڕیوە
پەیامی کورد … رۆیتەرز: ئێران تاكتیكی خۆی لە عێراق گۆڕیوە
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسەوە، ئێران تاكتیكی خۆی لە عێراق گۆڕیوە و كەسانی جێی متمانەی خۆی لە ناو گروپە شیعەكان جیاكردوەتەوە و لە گروپی بچوكتردا رێكیخستوونەتەوە.
ئاژانسەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەو گروپە بچووكانە راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سوپای قودسدان و لە بواری شەڕی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، چاودێریكردن و پروپاگەندەكردن لە تۆڕی ئینتەرنێت مەشق و راهێنانیان دیوە.
هەروەك ئاماژە بەوەشكراوە، كە ئەو گروپانە چەند هێرشێكیان لە ماوەی رابردوودا لە دژی ئەمریكا و هاوپەیمان ئەنجامداوە، بە تایبەتی بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد و فڕۆكەخانەی هەولێر لەمانگی نیسانی ئەمساڵ.
یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو تاكتیكە نوێیەی ئێران وەك لە راپۆرتەكەی رۆیتەرزدا باسی لێكراوە، ئەوەیە كە قاسم سولەیمانی راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ گروپە عێراقیەكان هەبوو، بەڵام ئیسماعیل قائانی فەرماندەی ئێستای فەیلەقی قودس كاریگەرییەكی ئەوتۆی بەسەر گروپە چەكدارییە عێراقییەكانەوە نییە.
هۆكارێكی تریش كە ئاماژەی پێكراوە، ئەوەیە كە ئێران دەیەوێت تەواوی كردەكانی لە عێراق لە رێگەی كەس و گروپە وەفادارەكانیانەوە ئەنجام بدرێن و نهێنیەكانیان دزەی پێنەكرێت.
لەسەرتای ساڵی رابردوودا لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا هەر یەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژران و لەو كاتەوە تائێستا چەندین جار هێرشكراوەتە سەر بنكە و بارەگای ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان.