پارێزگای نەینەوا هەفتەیەك ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند
پەیامی کورد... پارێزگای نەینەوا هەفتەیەك ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند
ژمارەی قوربانیانی ئەو ئاگركەوتنەوەیەی شەوی رابردوو لە هۆڵی شایی شارۆچكەی حەمدانییەی پارێزگای موسڵ كەوتەوە ڕوو لە زیادبوونە، تاكو ئێستا كاربەدەستان دەڵێن زیاتر لە (120) گیانیان لەدەستداوەو (250) كەسی دیكەش برینداربوون.
نەجم جبوری پارێزگاری موسڵ بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: بەهۆی رووداوی ئاگركەوتنەوەی هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە هەفتەیەك ماتەمینی گشتی جێبەجێ دەكرێت و هاوغەمی بۆ كەسوكاری قوربانیان دەرەبڕین.
وتیشی: بەپێی ئەو زانیارییانەی بەو گەیشتوون لە نێوان (800 هەتا 1000) كەس لە هۆڵەكەدا بوون كاتێك ئاگرەكە كەوتۆتەوە بەهۆی یاری ئاگرین یان مۆمی سەر كێكەكان.
مانگی سووری عێراقی كە بەشداری لە هەوڵەكانی فریاكەوتن دەكات ڕایگەیاند: زیاتر لە (450) كەس گیانیان لەدەستداوەو برینداربوون.
كەسوكاری ژمارەیەك لە قوربانییەكان لە لێدوانەكانیان بۆ كەناڵە ناوخۆییەكان باسیان لەوە دەكرد كە چەندین خێزان دەناسن تەواوی ئەندامەكانیان لە ڕووداوەكە لەدەستداوە. بەشێكی زۆری قوربانییەكان كەوتوونەتە ژێر پێوە.
دەڵێن هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی ئاگرەكە بە خێرایی ئەوە بووە ئەو ماددەیەی بنمیچی هۆڵەكەی پێداپۆشرابوو گڕیگرتووەو بەربۆتەوە، هۆڵەكە بە شێوەیەك وێرانبووە وەك ئەوەی بۆمبی تیایدا تەقیبێتەوە.
(سەعەد مەعەن) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە تویتەرەكەیەوە پشتڕاستی كردەوە بنمیچی هۆڵەكە بە پلێتی ئەلوكۆبۆند دروستكراوە كە زوو ئاگردەگرێت.
بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەكان، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە بەغداشەوە تیمی پزیشكی ڕەوانەكراون بۆ بەهاناچوونی بریندارەكان.