پارێزگاری بانکی ناوەندی: نرخی دۆلار دانابەزێت و ئەوکارە بە ئێمە ناکرێت
پەیامی کورد... پارێزگاری بانکی ناوەندی: نرخی دۆلار دانابەزێت و ئەوکارە بە ئێمە ناکرێت
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە، نرخی دۆلار دانابەزێت و ئەو کارەش تەنیا بە ئەوان ناکرێت، وەک ئەوەی پەرلەمانتارێک ئاشکرای کردووە.
ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرپەرشتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئامادەبوونی مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی دەربارەی نرخی دۆلار و مەزادی ئاشکرای دۆلار و بردنەدەرەوە و سپیکردنەوەی پارە کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی وەزیری دارایی لە نامەیەکیدا بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتنی خۆی ڕاگەیاند، بەشی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران سکاڵای لەسەری تۆمار کرد و قەدەخەی سەفەریان خستە سەری و بڕیارە لەسەر چەند دۆسیەیەک بانگێشتی لێپێچینەوە بکرێت.
وتیشی، پارێزگاری بانکی ناوەندی وتوویەتی کە «یەکەم کەس بووە» دژی زیادکردنی نرخی دۆلار بووە، بەڵام «وەزیری دارایی داوایکرد نرخی دۆلار زیاد بکەین، چونکە داهات دابەزیوە، نرخی نەوت لە ٢٥-٣٠ دۆلار بوو، مووچە ٤٥ ڕۆژ دوا دەکەوت، خۆپیشاندان زیادی دەکرد بە ناچاری ئەوەمان کرد».
پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەوەشی وتووە، «نرخی دۆلار دانابەزێت و ئەو کارەش تەنیا بە ئێمە ناکڕێت، زۆر گرفت پێوەی پەیوەستە با چارەسەری گرفتەکان بکرێت».
سەبارەت بەو گرفتانەش چەند نمونەیەکی هێناوەتەوە لەوانە، جگە لە داهاتی نەوتی، لە سیستمی گومرگی و باج دا کۆکردنەوەی داهات گرفتی زۆر و بەهەدەردانی تیایە.
هەروەها، «ڕاستە ئێستا بەرزبوونەوەی دۆلار داهاتی زیادکردوە، بەڵام زیانی بە ژیانی خەڵک گەیاندووە، ئارد و هەموو شتێک گران بووە، هۆکارێکی نەبوونی چاودێریی حکومەتە لەسەر بازاڕ» ئەوەشی وتووە، «نرخی دۆلار ٢٣٪ زیادیکردووە، بەڵام زەیتێک بە ٧٥٠ دینار بووە ئێستا بە سێ هەزار دینارە» وەک ئەوەی سۆران عومەر لە زاری پارێزگاری بانکی ناوەندی بڵاوی کردووەتەوە.
ئاشکراشیکردووە، لەسەر سپیکردنەوەی پارە ١٦ بانک و ٧٣ کۆمپانیایان داوەتە دادگا و سزادراون.