ئەردۆغان هەڕەشە لە یۆنان دەکات
پەیامی کورد... ئەردۆغان هەڕەشە لە یۆنان دەکات
سەرۆک کۆماری تورکیا لە پارێزگای سامسون رایگەیاند، بەرهەمهێنانی مووشەکی تایفون لەلایەن تورکیاوە یۆنانی تۆقاندووە و ئەوان دەڵێن دەگاتە ئەسینا. دەشڵێت، یۆنان "بەم شێوەیە بەردەوام بن، بە مووشەکی تایفون لێتان دەدەین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی یەکشەممە 11ـی 12ـی 2022 لە پارێزگای سامسون بەشداریی لە کۆنسێرتێکی تایبەت کرد و وەڵامی پرسیاری بەشێک لە بەشداربووانی دایەوە. ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئێستا تورکیا مووشەک دروستدەکات و "بەمەش یۆنان تۆقیوە و دەڵێت، تورکیا لە ئەسینا دەدات". سەرۆک کۆماری تورکیا لەوبارەیەوە بە یۆنانی وت، "بێگومان وا بڕوات لێتان دەدەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستمان بە دروستکردنی مووشەک کردووە. بێگومان ئەمە یۆنان دەتۆقێنێت. هەر کە دەڵێیت تایفون، یۆنان دەتۆقێت. دەڵێن لە ئەسینا دەدات. بێگومان لێی دەدات. ئەگەر تۆ دانەنیشیت و لە ئەمریکاوە بۆ دوورگەکان، بتەوێت لێرە و لەوێ شتێک دەستبخەیت، وڵاتێکی وەکو تورکیا هەرمێ کۆناکاتەوە و پێویستە شتێک بکات."
ئەردۆغان گلەیی لە ئەمریکا کرد و وتی، "ئەمریکا 4 بۆ 5 هەزار بارهەڵگری پڕ لە چەک و پێویستیی سەربازی دەنێرێتە باکووری سووریا. سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئەمەم بە ئەوان وتووە، هیچ منەتیان نییە. وتم ببوورن سەرەڕای ئەوەی ئێمە لە ناتۆ بەیەکەوەین، ئێوە ئەم هەڵەیە دەرهەق بە ئێمە دەکەن و دەچنە ریزی رێکخراوی تیرۆریستی. کەواتە خۆمان ناوکی خۆمان دەبڕین، هیچ چارەیەکی دیکە نییە."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یۆنان لەسەر دوورگەکان و چەند بابەتێکی دیکە کەوتنە گرژییەوە. جگە لەمەش، تورکیا بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات.