کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر بە ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل
پەیامی کورد ... کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر بە ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل .
ئیبراهیم کالن ووتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا ، چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ، پەیامێکی تویتەری بڵاو کردەوە .
بە پێی ڕاپۆرتێک کالن شەوی ڕابردوو لە پەیامێکی تویتەریدا بێ ئەوەی ناوی ئیمارات بە کار بهێنێت ڕایگەیاند : " بێ شک مێژووی شکستی کەسانێک کە بە گەلی فەلەستین و ئارمانەکانی ئەوان خیانەت یان کردووە تۆمار دەکرێت " .
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا ش ڕایگەیاند : هەوڵەکانی ئیمارات بۆ لەناوبردنی پیلانی ئاشتی کە یەکیتی عەرەب بە ڕابەرایتی عەرەبستان و بە پاڵپشتی ڕێکخراوی هاوکارییەکانی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠٢ دا باسی لێوە کراوە بە تووندی جێگای نیگەرانییە .
هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل توانیان ڕێکەوتننامەی ئاشتی بە دەست بهێنن و ئەم کارەی " مێژوویی " لە قەڵەم دا .
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ڕێکەوتننامەیە لە لایەن هەندێک ووڵات وەکوو : میسڕ ، بەحرەین ، فەڕەنسا ، بەریتانیا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێشوازی لێوەکرا . و دەوڵەتی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا ئەم کارەی خیانەتی ئیمارات بە قودس و الاقصی و ئارمانەکانی خەڵکی فەلەستین ناو بردووە .