پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەم كۆبوونەوە ئەنجام دەدات
پەیامی کورد … پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەم كۆبوونەوە ئەنجام دەدات
وابڕیارە سبەینێ یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە دەكات.
سبەینێ یەكشەممە 9-1-2022 پەرلەمانی نوێی عێراق كە لە خولی پێنجەمی خۆیدایە، یەكەم كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و بەپێی بەرنامەی كارەكەش ،"كۆبوونەوەكە بە مارشی کۆماریی عێراق دەستپێدەکات، دواتر چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەخوێندرێتەوە، پاشان سوورەتی فاتیحە بۆ رووحی شەهیدانی عێراق دەخوێندرێتەوە، ئینجا ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق وتارێک پێشکەش دەکات بۆ بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمان و خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووان".
كۆبوونەوەكەی سبەینێ، بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری عێراق بەرێوەدەچێت.
بەپێی بەرنامەی كاری بڵاوكراوە،"بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان، داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات سوێندی یاسایی بخۆن، پاشان بەبۆنەی دەستپێکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان وتارێک پێشکەش دەکات، لە کۆتاییشدا دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی دەکاتەوە".
جێگەی باسە،پاش پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رۆژی 10ـی تشرینی یەكەم،سەرۆكایەتی كۆماری عێراق 9-1-2022ـی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق .